بانگکردنی سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنی بۆ لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی دێولان
- info1173814
- May 15
- 2 min read
سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان بەپێی بەڵگەیەکی بانگکران بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپ یان ڕێکخراوە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران" بانک کرا بۆ لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ئەم شارە.
ئەم چالاکە مەدەنییە بەپێی بەڵگەیەک کە ڕۆژی ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٤ دەرکراوە، دەبێ بۆ ئاخرین بەرگری لە خۆی لە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی دێولان ئامادە بێ.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژن لە سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە لێپرسینەوەی لێ کراوە.
سوهەیلا مەتاعی کە لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا دەسبەسەر کرابوو، لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ و هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتیی نا بۆ سێدارە، دوابەدوای چوونەدەرەوە لە ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هەمان ڕۆژ پاش کردنەوەی دۆسییە لە دادگا، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سوهەیلا مەتاعی پێشتر دوو جار لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ لە کوردستان دەسبەسەر و بە بەندکران سزا درا.
ناوبراو جاری یەکەم لە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. دواتر لە خەزەڵوەری ١٤٠١دا دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ژنانی سنە کرا.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لەلایەن لقی ٢ی دادگای سزاکانی دێولانەوە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە ١٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو، "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە ١٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو، "تێکدانی ڕای گشتی" بە ١٣ مانگ بەندکرانی داسەپاو، "گوێنەدان بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی" بە ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو و "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی حکومەت" بە ٩ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
بەپێی یاسای زۆربوونی سزاکان، سزای ١٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو بۆ ئەم هاوڵاتییە جێبەجێ دەکرێ.
سوهەیلا مەتاعی لە دادگایەکی چەند خولەکیدا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس دادگایی کرابوو.
