پیرانشار؛ محەممەد محەممەدی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا
- info1173814
- 6 days ago
- 1 min read
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤، محەممەد محەممەدی (شێخاڵی)، هاووڵاتیی خەڵكی شیناوێی پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن دادگای شۆڕشی پیرانشار بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو و ئەم بڕیارە لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرابووەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد محەممەدی (شێخاڵی) بە بێ بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ڕاگیرابوو. ناوبراو پاش دوو مانگ لێپرسینەوە گواسترابووەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠١، محەممەد محەممەدی بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
