وەهاب خەدیریپوور بە مەبەستی جێبەجکرانی سزای بندکرانەکەی گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد
- info1173814
- May 21
- 1 min read

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤، وەهاب خەدیریپوور، هاووڵاتیی کورد پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی مەهاباد دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.
وەهاب خەدیریپوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کرا و بە ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و ئەم سزایە سەرەتاکانی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
سزای ئەم بەندکراوە کوردە بۆ هەشت مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، وەهاب خەدیریپوور دوابەدوای بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە بە بێ بەڵگەی بانگکران، دەسبەسەر کرا.
ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە گواسترابووەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە.
ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٣، وەهاب خەدیریپوور، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
پێشتر ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی وەهاب خەدیریپوور هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی بەڵام بە هۆی قەرەباڵغبوونی ماڵەکەی وتبوویان سبەی (دووشەممە ٨ی ڕێبەندان) لە دادگای شاری مەهاباددا ئامادە بێت.
وەهاب خەدیریپوور، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. ناوبراو ئامۆزای شەماڵ خەدیریپوور لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادییە. هەروەها کۆماری ئیسلامی برایەکی ناوبراو بە ناوی سۆهراب خەدیریپوور لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە بەهاری ١٤٠٠ دا کوشتووە.