مامۆستا لوقمان ئەمینی پاش ئامادەبوون لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان دەسبەسەر کرا
- info1173814
- Apr 21
- 1 min read
ئەمڕۆ دووشەممە یەکی بانەمەڕی ١٤٠٤، مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعی چواریاری نەبیی سنە، پاش ئامادەبوون لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان دەسبەسەر کرا.
ئەم مامۆستای ئایینییە کوردە پێشتر بەڵگەی بانگکرانێکی پێی گەیشتبوو کە دەبێ ڕۆژی دووشەممە یەکی بانەمەڕی ١٤٠٤، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان ئامادە بێت که دوابەدوای ئامادەبوونی لەم دادگایە, دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا لوقمان ئەمینی بە هۆی پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ڕێگای مەریوان دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەشەمە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.
لە جۆزەردانی ١٤٠٢دا، مامۆستا لوقمان ئەمینی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، هەبوونی دەمانچە، هاندانی خەڵک بۆ دروستکردنی بشێوی و ئاڵۆزی و پشتیوانی لە خەڵک و ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی"، بە ١١ ساڵ بەندکرانی داسەپاو، دوورخرانەوە بۆ ئەردەبێڵ بۆ ماوەی دوو ساڵ و وەرگرتنەوەی هەمیشەیی جلوبەرگی ئایینی و بێبەریبوون لە وتاری هەینی مەحکووم کرابوو.
