لەسێدارەدانی نهێنیی حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی و لە شوێنێکی نادیار
- info1173814
- Apr 22
- 2 min read
شەوی دووشەممە یەکی بانەمەڕی ١٤٠٤، هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسداران، هەواڵی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کورد بە بێ ئاماژە بە شوێن و ڕێکەوتی جێبەجێکردنی سزاکەی بڵاو کردەوە.
ئێستا سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین کاتژمێر لە ڕاگەیاندنی میدیایی جێبەجێکرانی سزاکە، بنەماڵەکەی هێشتا سەبارەت بە شوێن و کاتی لەسێدارەدرانی زانیاریێکیان لەبەر دەستدا نییە و تەرمەکەشیان پێ نەدراوە
جێبەجێکرانی ئەم سزایە لەم دۆخەدا، نە تەنیا پێشێلکردنی دادڕەسیی دادپەروەرانە، بەڵکوو پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی و دادپەوەریی کەیفەرییە.
لە دەقی ئەم هەواڵدێرییەدا هاتبوو کە "ئەم بابەتە ئەمڕۆ لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی پارێزگای ورمێ بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە." دادگای شۆڕشی ورمێ لە پێوەندیێک لەگەڵ بنەماڵەی ئەم بەندکراوەدا ڕایگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ کراوە. بەم حاڵەوە بەدواداچوونی بنەماڵەکەی نیشان دەدات کە ئەم ڕاگەیاندنە تەنیا پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە میدیاکان و ئەویش بە شێوەی تلفۆنی و نافەرمی لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بووە. بنەماڵەی حوسێن نژاد بۆ پێنجەمین ڕۆژی یەک لە دوای یەک لە بەردەم بەندیخانەی ورمێ کۆ بوونەتەوە، لە درێژەی ڕۆژەکەدا هیچ زانیاریێک سەبارەت بە کات، شوێن یان دۆخی جێبەجێکرانی سزاکەیان پێ نەدراوە و تا کاتژمێرەکانی کۆتایی شەو لە بەردەم بەندیخانەدا لە چاوەڕوانیدا بوون.
ئەم دۆخە هاوکات لەگەڵ نەبوونی هەر چەشنە بەڵگەیەکی فەرمی، ڕانەگەیاندنی شوێنی جێبەجێکرانی سزای سێدارە و ڕادەستنەکردنەوەی تەرمەکە، نموونەی تەواوی "لەسێدارەدانی نهێنی"یە کە لەگەڵ بنەما یاساییە نێوخۆییەکان، ئایینی دادڕەسیی کەیفەری و ستانداردەکانی مافی مرۆڤ ناتەبایە.
حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو کە لە ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا دەسبەسەر کرابوو، نزیکەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرا و لەم ماوەیەدا، لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، هەڕەشە بە چەک، بێبەریبوون لە پێوەندی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، گوشار بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ و تەنانەت لە کۆبوونەوەی لێپرسینەوەدا کەوتە بەر لێدان.
ناوبراو پاش دەرچوونی بڕیاری کۆتایی لە دیوانی باڵای ئێران، گەڵاڵەیەکی فەرمیی بۆ داواکاری سەبارەت بە بەدواداچوونی دووبارە بەپێی بڕگەی ٤٧٤ی یاسای ئایینی دادڕەسیی-کەیفەری ڕادەست کردبوو کە تێیدا بە بەڵگەهێنانەوە سەبارەت بە بەزاندنی سنووری یاسایی, شایەتیی شایەتحاڵان و ناکۆکییەکانی کات و شوێن لەگەڵ شوێنی دەرگیرییەکە، بێتاوانیی خۆی سەلماندبوو. بەڵام ئەم گەڵاڵەیە بە بێ بەدواداچوون لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ئەنجام نەدرا و سزای سێدارەکەی پشتڕاست کرایەوە.
لە ڕۆژانی پێش جێبەجێکرانی سزای ناوبراودا، بنەماڵەکەی چەندین جار لە بەردەم ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانی ورمێ کۆ بوونەوە و هۆشدارییان دابوو کە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو ساختە و لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدان. کچی ناوبراو بە ناوی ڕۆناهی حوسێن نژاد، لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ، ڤیدیۆگەلێکی بڵاو کردەوە و خوازیاری وەستاندنی خێرای سزای باوکی بوو.
