شنۆ؛ ئومید ئیبراهیمی پاش ٢٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە گرتنگەوە گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ
- info1173814
- Jun 1
- 1 min read

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئومید ئیبراهیمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ پاش ٢٢ ڕۆژ لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ ئومید ئیبراهیمی لە ماوەی لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤، سێ هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی "یاسر شەریفیان"، "ڕەشید فەقێزادە" و "ئومید ئیبراهیمی" خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و گولسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدروەکان دژی ئەم سێ هاوولاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئومید ئیبراهیمی پێشینەی دەسبەسەرکران و سزادرانی هەبووە؛
ـ ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠١، "ئومید ئیبراهیمی" کوڕی قادر خەڵکی شاری شنۆ، بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگی ئیتلاعاتی شنۆ کرا و دەسبەسەر کرا.
ـ ڕۆژی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠، ئومید ئیبراهیمی هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.
ئومید ئیبراهیمی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرا.
ئەو هاووڵاتییە، پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.
ناوبراو ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە دادگای شۆڕشی شنۆ دادگایی و بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.
ئومید ئیبراهیمی، ٢٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٨، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرابوو.