سنە؛ کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاریی بەڕێوەچوو
- info1173814
- May 21
- 1 min read

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاریی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا، ئەم چالاکە کرێکارییە لە تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە، کۆبوونەوە تەبانی و بێڕێزی بە ڕێبەریی" بێتاوان ناسرا و دۆسییەکەی بە تۆمەتی "چالاکیی پڕۆپەگاندا دژی حکومەت" ڕەوانەی دادگا کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەم چالاکە کرێکارییە لە شەقامی "جامی"ی شاری سنە بە بێ بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
ئەم چالاکە کرێکارییە پاش کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی سنەوە گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە.
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کامران ساختمانگەر، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ڕۆژی دووشەممە، ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٢، کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری، پاش ئامادەبوون لە لقی ٤ی جێبەجێکاری سزاکانی سنە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا.
کامران ساختمانگەر، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەدا، لە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" بێتاوان ناسرابوو و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وتووێژ لەگەڵ کاناڵە تلویزیۆنییەکان" بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری و سزای نەختی مەحکووم کرابوو.
دادگا بە پشتبەستن بە ماددە یاساییەکان و دۆخی جەستەیی و بەڵگەی پزیشکیی ئەم چالاکە کرێکارییە لە دۆسییەکەیدا، ٣ مانگ زیندانی تەعزیریی ناوبراوی بۆ سزای نەختی گۆڕی و ناوبراوی سەرجەم بە ٣٤ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرد.
ئەم چالاکە کرێکارییە، پێشتر بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و پاش کەمکردنەوەی ئەم حوکمە بۆ ٢٨ مانگ، لە ڕێکەوتی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا، لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.