top of page

سزای ماشەڵڵا کەرەمی لە دوای کۆکردنەوەی سزاکان بۆ سێ ساڵ و ٧ مانگ گۆڕدرا

  • info1173814
  • May 19
  • 2 min read


بە کۆکردنەوەی هەموو سزاکانی بەندکران لە دوو دۆسییەی ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی نارازیی لەسێدارەدراوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی محەممەدمێهدی (کۆمار) کەرەمی، بەندکرانەکەی بۆ سێ ساڵ و حەوت مانگ گۆڕدرا.


عەلی شەریفزادە ئەردەکانی بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "بە کۆکردنەوەی هەموو سزاکانی بەندکران لە دوو دۆسییەی ماشەڵڵا کەرەمیدا، بەندکرانی ناوبراو بە گشتی بۆ سێ ساڵ و حەوت مانگ گۆڕدرا و بە سەرنجدان بە تێپەڕاندنی زیاتر لە نیوەی سزاکە، ئیمکانی ئازادیی مەرجداری ناوبراو لە ئارادایە کە ئەم داواکارییە ڕادەستی بەرپرسانی دادوەری کراوە، هیوادارم پاش ڕەزامەندییان لەگەڵ ئازادیی مەرجدار، لە بەندیخانە ئازاد بکرێت و بگەڕێتەوە باوەشی بنەماڵەکەی."


ماشەڵڵا کەرەمی، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی نەزەرئابادی کەرەجەوە بە تۆمەتەکانی "دەستخستنی سامان بەشێوەی ناڕەوا" و "بەشداری لە سپیکردنەوەی پارە" سەرجەم بە ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران، پێبژاردنی یەک میلیارد و ٩٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی و دەستداکگرتن بەسەر سامانەکەیدا مەحکووم کرا و ئەم سزایە ڕۆژی شەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٣، بە ماشەڵڵا کەرەمی و پارێزەرەکانی ڕاگەیەندرا.


کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ماشەڵڵا کەرەمی، خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣ لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی نەزەرئابادی کەرەج بەڕێوە چووبوو.


ماشەڵڵا کەرەمی لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کەرەجەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران سزا دراوە و ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.


کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کەرەج بەڕێوە چوو و دادگا گۆڕینی ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتی بەپێی قەراری تەئمین و ئازادیی کاتیی ناوبراوی ڕەت کردەوە.


ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی (کۆمار) کەرەمی، خۆپیشاندەری لەسێدارەدراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا هەموو کەلوپەلە یێلکترۆنییەکانیان لێ وەرگرت و کارتی بانکیی بنەماڵەکەشیان بلۆک کرد.


ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا لە گرتنگەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش سێ مانگ دەسبەسەرکران لە دابڕگەوە بۆ بەندی ١٥ی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.


محەممەدمێهدی کەرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ، لە ڕەوتی ڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە خەزەڵوەری ١٤٠١، دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕۆحوڵڵا عەجەمیان"، لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی بە "افساد فی‌الارض لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" مەحکووم و ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.

 
 
Kurdistan Human Rights Association - Geneva
 
 

Kurdistan Human Rights Association-Geneva (KMMK-G) promotes human rights and human dignity for all, in particular for minorities in Iran. We work with all Iranian national, ethnic, religious and marginalized communities in defense of their rights. 

 
 
  • Telegram
  • Youtube
  • Facebook
  • Instagram
  • Twitter
Useful Links

What we do

Who we are

Kurdistan

News

Contact

© 2024 - Kurdistan Human Rights Association - Geneva

bottom of page