top of page

دیوانی باڵای عیداڵەتی ئیداری بڕیاری دەرکردنی سومەیە ئەختەرشومار، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی مەریوانی وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە

  • info1173814
  • May 3
  • 2 min read

لقی ٣١ی پێداچوونەوەی دیوانی عیداڵەتی ئیداری بە ڕەتکردنەوەی داخوازی پێداچوونەوەی سومەیە ئەختەرشومار، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان، بڕیاری دەرکردنی ناوبراو وەک خۆی پشتڕاست کردەوە.

لقی ٣١ی پێداچوونەوەی دیوانی باڵای عیداڵەتی ئیداری بە سەرۆکایەتی مەحموود فەرەیدوون‌فەر، بەرپرسی لق و موحسن هیدایەت شومار، ڕاوێژکاری لق، ئەم بڕیارەیان لە ڕۆژی ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤دا دەر کردووە.


جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣، سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای بەشی ناوەندیی شاری مەریوان لەلایەن لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پاریزگای سنە لەم ناوەندە دەر کرا. لقی یەکی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣دا، سزای دەرکرانی سومەیە ئەختەرشومار لە پەروەردە و بارهێنان وەکو خۆی پشتڕاست کردەوە.


پەروەردە و بارهێنانی مەریوان لە ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢دا لە نامەیەکدا بۆ لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پاریزگای سنە، سومەیە ئەختەرشوماری بە "بڵاوکردنەوەی بابەت بە مەبەستی بێڕێزیکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، ئەندامەتی لە کاناڵە نایاساییەکانی مامۆستایان لە سۆشیاڵ میدیا و تۆمارکردنی بابەت بە مەبەستی هاندان لە کاناڵی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا و فەرهەنگییانی ئێران، داڕشتنی پرسیاری تاقیکارییەکانی وانەی ئینگلیزی بۆ پشتیوانی لە ناڕازییان (ناوهێنان لە ناڕازییان لە تێگەیشتن لە بابەتەکە و پرسیارەکانی زمانی ئینگلیزی) و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، پشتیوانی لە حیزبە کوردستانییەکانی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی بە بێ حیجاب لە سۆشیاڵ میدیا و پشتیوانی لە دروشمی جیاییخوازانە، بڵاوکردنەوەی وێنەی بە بێ حیجابی قوتاببیان و نووسینی دروشم لە سۆشیاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵەکەی بە جلوبەرگی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە لاپەڕەکانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بە دروشمی ئەم حیزبانە و ئاڵای کوردستان و نووسینی بابەت لە کاناڵی سەندیکا سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پارێزگای سنە بە پشتبەستن بە نامەی پەروەردە و بارهێنانی مەریوان سزای دەرکرانی ئەم مامۆستا کوردەی لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا دەر کرد.


سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای زمانی ئینگلیزی ١٧ ساڵ ڕابردووی کاری لە پەروەردە و بارهێنان هەیە.

ئەم مامۆستایە لەدایکبووی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٦ کچی ئەیاز، خێزاندار و دەرچووی قۆناغی کارناسییە.




 
 
Kurdistan Human Rights Association - Geneva
 
 

Kurdistan Human Rights Association-Geneva (KMMK-G) promotes human rights and human dignity for all, in particular for minorities in Iran. We work with all Iranian national, ethnic, religious and marginalized communities in defense of their rights. 

 
 
  • Telegram
  • Youtube
  • Facebook
  • Instagram
  • Twitter
Useful Links

What we do

Who we are

Kurdistan

News

Contact

© 2024 - Kurdistan Human Rights Association - Geneva

bottom of page