دووهەمین داواکاریی پێداچوونەوەی دۆسییەی پەخشان عەزیزی لەلایەن دیوانی باڵای ئێران ڕەت کرایەوە
- info1173814
- Apr 8
- 2 min read
١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤؛ مازیار تاتایی، پارێزەری پەخشان عەزیزی باسی لە ڕەتکردنی داواکاریی پارێزەرەکانی ناوبراو بۆ جاری دووهەم، بۆ پێداچوونەوەی دۆسییەکەی کرد.
ئەم پارێزەرە لە تۆڕی ئێکسی خۆیدا وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە نووسیویەتی: "لقی پێداچوونەوەی دیوانی باڵای ئێران، دووهەمین داواکاریی پێداچوونەوەی دۆسییەی پەخشان عەزیزی بەبێ داواکردنی دۆسییەکە، ڕەت کردووەتەوە و بەرگرییەکانی پارێزەرەکانی بە بێ هۆ ڕاگەیاندووە. ئەم تێگەیشتنە لەلایەن لقی پێداچوونەوە پێویستی بە خوێندنەوەی دۆسییەکە هەیە کە بەداخەوە ئەنجام نەدراوە".
١٨ی ڕێبەندان؛ ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕایگەیاند کە داواکاری پێداچوونەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ لەلایەن لقی ٩ی دیوان باڵای ئێرانەوە ڕەت کراوەتەوە. ئەم بڕیارە ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان بە پارێزەرەکانی پەخشان عەزیزی ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەری پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد بەندکراو لە بەندیخانەی ئەڤین باسی لە پشتڕاستکرانەوەی سزای بریگرتەکەی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە کرد.
ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ پەخشان عەزیزی ڕۆژنامەوان و دەرچووی بواری یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی پاش نزیک بە ساڵێک دەسبەسەرکران، لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" ، بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا.
هەروەها ئەم بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری وڵات" بە ٤ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.
سزای دیاریکراوی پەخشان عەزیزی لە کاتێدا دەرچووە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ٨ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە مافی دەسپێگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
دادگای ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە جۆزەردانی ١٤٠٣ بەڕێوە چوو و ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣ بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لە تاراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین. سەرماوەزی ١٤٠٢، پەخشان عەزیزی پاش ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەڤینەوە گواسترایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە.
٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، پەخشان عەزیزی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە بەندیخانەی ئەڤین لەژێر ناوی "نکۆڵیکردن لە هەقیقەت و ئاڵترناتیڤەکەی" وێڕای ئاماژە بە ئازاری "ژن بوون " و "کوردبوون" لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا، ئاماژەی بە ئەشکەنجەی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و ڕاگرتنی لە دۆخی نامرۆڤانە کردووە.
هاوکات سێ ئەندامی بنەماڵەی ناوبراو بە تۆمەتی "هاوکاریی تۆمەتبار بۆ هەڵهاتن لە دادگاییکران و سزادران" هەر کامەیان بە یەک ساڵ بەندکراوی داسەپاو سزا دراون.
ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، سزای یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاوی هەر یەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەوانە عەزیز عەزیزی، پرشنگ عەزیزی و حوسێن عەباسی، باوک، خوشک و زاوای پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی تارانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
