بەندیخانەی تارانی گەورە؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە لە تیمارگەریی پزیشکی بێبەری کراوە و ڕاگرتنی لە بەشی تاوانەکانی توندوتیژی بەردەوامە
- info1173814
- May 4
- 2 min read
١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە تێپەڕاندنی ماوەی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران لە بەندیخانەی تارانی گەورەدایە، سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لە بەندی تاوانەکانی توندوتیژی ڕاگیراوە، بە هۆی کێشەی گەدە و هەرسکردن لە دۆخێکی ناجێگیردایە و لە دەسپێگەیشتن بە پزیشک بێبەری کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە کە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکران و بەندیخانەی هەیە، بە هۆی مانگرتن لە خواردن تووشی کێشەی هەرسکردن و گەدە بووە و کاربەدەستانی بەندیخانەی تارانی گەورە هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ دۆخی پزیشکیی ناوبراو نەکردوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ڕەزا ڕەمەزانزادە، چالاکی مەدەنی و سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کرا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ لە ڕێکەوتی٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣ ڕایگەیاندبوو کە؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە کاتی بەندکرانەکەی، بەبێ مافی چاوپێکەوتن و دەستپێگەیشتن بە کارتی تەلەفون، لە بەندی تاوانەکانی توندوتیژی بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگیراوە.
بەپێی راپۆرتەکانی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە تاران دەسبەسەر کرابوو و گواسترابووەوە بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە. هەروەها سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی ناوبراو، پێوەندیی بە دوو دۆسییەوە هەیە.
ڕەزا ڕەمەزانزادە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە تاران دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە هۆی "هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان" بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درا.
ناوبراو هەروەها لە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا لەلایەن لقی ٢٤ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕادمەند، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا. دواتر ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تارانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر بە هۆی بەشداری لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دەسبەسەر و بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درابوو.
ڕەزا ڕەمەزانزادە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکرانی لە ساڵەکانی ١٣٩٢، ١٣٩٨، ١٤٠١، ١٤٠٢ و ١٤٠٣ ی هەیە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی بەمیدیاییکردنی کێشەی بەندکراوان و بەندیخانەکانی تارانی گەورە و وەکیل ئابادی مەشهەد دەسبەسەر و سزا دراوە.
ڕەزا ڕەمەزانزادە لە کوردەکانی خوراسانە کە لە تاران نیشتەجێیە.
پێویستە بوترێ کە ڕەزا ڕەمەزانزادە بە هۆی مانگرتن لە بەندیخانە، تووشی کێشەی هەرسکردن و گەدە بووە.
