بانگکرانی ئەفشین حوسێنپەناهی بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە
- info1173814
- Apr 29
- 2 min read
بانگکرانی ئەفشین حوسێنپەناهی بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە
ئەفشین حوسێنپەناهی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو بانگی لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە بەپێی بانگهێشتنامەکە دەبێ ڕۆژی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە ئامادە بێت. لەم بانگهێشتنامە باسێک لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو نەکراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ئەفشین حوسێنپەناهی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی هەتا کۆتایی قوناغی دادڕەسییەکەی، ئازاد کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە گرتنگەی شارامفەری سنە لێپرسینەوەی لێ کرابوو و لە دەستپێگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، بەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. لە درێژەدا هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنین کردووە.
ئەفشین حوسێنپەناهی پێش دەسبەسەرکران بانگی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.
ئەفشین حوسێنپەناهی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار دەسبەسەر و بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە و ئازار دراوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە لە ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦دا ، سێ ڕۆژ پاش دەسبەسەکرانی ڕامین حوسێن پەناهی، لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییە کانەوە دەسبەسەر کرا. لە کۆتاییدا لە بانەمەڕی ١٤٠١دا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
ئەفشین حوسێنپەناهی کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەکانی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە ٨ و نیو ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو.
ناوبراو لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٩ پاش تێپەڕاندنی نزیک بە سێ ساڵ بەندکرانەکەی کەوتە بەر بڕیاری لێبوردنی مەرجدار و لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.
ئەفشین حوسێنپەناهی ساڵی ٩٠ی هەتاوی پاش بەدواداچوونی دۆسیەی مردنی گوماناویی براکەی (ئەشرەف حوسێنپەناهی) بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو و لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
