ئەحمەد حەسەنزادە لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرا
- info1173814
- Apr 23
- 1 min read
ڕۆژی دووشەممە یەکی بانەمەڕی ١٤٠٤، ئەحمەد حەسەنزادە باوکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ئەم باوکی شەهیدە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرابوو.
کاک ئەحمەد لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بۆکان و لەلایەن هێزەکانی جلی شەخسییەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ گواسترابووەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ بە دانانی بارمتە لەم بەندیخانە ئازاد کرا.
ئەحمەد حەسەنزادە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و ئەم سزایە ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
ئەحمەد حەسەنزادە تاکوو ئێستا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بانگ کراوە.
