ACTIONS
لەسێدارەدان
لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٠٨ هاووڵاتیی کورد لە ئێران لە سێدارە دراون.
بەپێی ئەو داتایانەی کە لەلایەن KMMK-G کۆکراونەتەوە، لە ١ی ژانویە تا ٣١ی دێسامبری ٢٠٢٣، لانیکەم هەشت سەد و سی و نۆ (٨٣٩) زیندانی کە ٢٤یان ژن بوون، لە ئێران لەسێدارە دراون. لەو ژمارەیەش لانیکەم دووسەد و هەشت (٢٠٨) کورد کە سێ (٣) ژن و سەد و حەفتا (١٧٠) بەلووچ کە چوار (٤) ژنیان تێدایە، لە سێدارەدراوان بوون.
KMMK-G پێی وایە هەرکاتێک ڕژیم لە ئاستی ناوخۆ یان نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی قەیرانی دەسەڵات بووەتەوە، ژمارەی لەسێسدارەدان بە تایبەت لەسێدارەدانی کەمینە نەتەوەییەکان زیادی کردووە. سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە پێناو بەجێ گەیاندنی دادپەروەری نییە، بەڵکو سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی ژمارەی دژبەران و بەتایبەت کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی ئێرانە. زیاتر لە 60%ی ئێعدامە سیاسییەکانی ئێران لە کورد و 25%ی بەلووچ و 10%ی لە عەرەبی ئەهواز پێکهاتووە. سەرەڕای داواکارییە بەپەلە نێودەوڵەتییەکان، ڕێژیمی ئێران لە ٢٣ی ژانویە ٢٠٢٤، فەرهاد سەلیمی زیندانیی سیاسی کورد و لە ٢٩ی ژانویە ٢٠٢٤دا چوار زیندانیی سیاسی دیکەی کوردی لە سێدارەدا. دوانزە (١٢) زیندانی سیاسیی دیکەی کورد مەترسیی لەسێدارەدانی لەناکاویان لەسەرە.
کۆلبەر
کوشتاری دوور لە یاسای کۆڵبەران (کۆڵ کێشانی سەر سنوورەکان یان بازرگانانی سنووری)
KMMK-G ڕاپۆرتی کوژرانی دەرەوەی یاسا و دادوەری پەنجا و یەک (51) کۆڵبەری لە 1ی ژانویە تا 31ی دێسامبر 2023 بەدەست گەیشتووە.
لەم ماوەیەدا دوو سەد و نەوەد (290) کۆلبەری دیکە لە ڕووداو گەلی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانانی سنوور و تەقینەوەی مین و چەند حاڵەتێکی دیکە لە سەر سنوورەکان بریندار بوون.
بەم شێوەیە کۆی ئەو ڕووداوانەی سەبارەت بە تەقەکردن و كوشتاری هەڵاواردنكارانەی کۆڵبەران لەم ماوەیەدا تۆمار کراون سێ سەد و چل و یەک (٣٤١) کەس بوون.
سێ کەس لە کۆڵبەرە کوژراوەکان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە. مانی حەبیبی تەمەنی تەنیا ١٤ ساڵ بوو، کە لەلایەن پاسەوانانی سنووری ئێرانەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا. هۆشیار حەسەنپوور، تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی شاری بانە، دوایین قوربانیی کوشتنی نایاسایی لەلایەن هێزە سنوور پارێزەکانی ئێرانەوە بوو. هۆشیار ڕۆژی دووشەممە ٥ی ژوئەن لە سنووری زاڵە فیشەک بەر سەر و سنگی کەوت و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.
هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣دا ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەران دەستبەسەر کراون و سەرجەم کەلوپەلەکانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە دەستی بەسەردا گیراوە، جگە لە کوشتنی سەدان ئەسپی کاسبکار و کۆڵبەران لەلایەن هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
بەهۆی بەرزی ڕێژەی بێکاری و بوونی بەربڵاوی مین و پاشماوەی تەقەمەنی شەڕی ئێران و عێراق، ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی سڤیل بەتایبەتی جووتیاران و کۆچەر و شوان و کاسبکاران بە شێوەیەکی جددی پەکی کەوتووە. گەنجانی کورد لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران لەوانە کرماشان، سنە، ئیلام و ورمێ ناچارن کەلوپەلی وەک چا، توتن و سووتەمەنی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان بە کۆڵ هەڵبگرن.
دەستگیرکردن / زیندانیانی سیاسی
هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، پشکی زیندانی سیاسی کورد لە ساڵی ٢٠٢٣ (لە ١ی ژانویەی ٢٠٢٣ تا ٣١ی دێسامبری ٢٠٢٣) بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی ئەو داتایانەی کە لەلایەن KMMK-G کۆکراونەتەوە، لەو ماوەیەدا لانیکەم هەزار و سەد و حەفتا و یەک (١١٧١) هاووڵاتیی کورد کە سەد و بیست و چوار (١٢٤) ژن و چل و حەوت (٤٧) مامۆستای ئایینیان تێدایە، دەستگیرکران. لانیکەم دوو سەد و پەنجا (٢٥٠) کەس لەو دەستگیرکراوانە، سزای بەندکردنی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە. دوو سەد کەس (200) کەس لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتی سەرتاسەری و ئەندامێتی لە پارتە سیاسییە کوردییەکان، بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆمەتی: "پڕوپاگەندە دژی رژێم"، "تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" و "ئەندامێتی لە گروپەکانی "ئۆپۆزسیۆن" تۆمەتبار کران. ئەم سزایانە پانزە (١٥) ژنیشی گرتۆتەوە کە سێ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە. ئەم تۆمەتانە بریتین لە "موحارەبە" و "سەرپێچی و ئەنجامدانی کردەوەی خراپەکارانە دژی سیستەمی ئیسلامی".
بۆیە کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، بە ئەوانەی پەیوەندیدارن بە نائارامییەکانی ئەم دواییە، دەگاتە سێ هەزار و (٣٠٠٠) کەس، کە لانیکەم سێ سەد و سی و پێنج (٣٣٥) کەسیان ژنن، و KMMK- G توانیویەتی ناوەکانیان دەستنیشان بکات.
ڕووداوەکانی مین
ڕێکخراوە و دامەزراوە نێودەوڵەتییە جیاوازەکان وەکوو گرووپی کاری پێداچوونەوەی دەورەیی گشتگیر (UPR) سەبارەت بە ئێران (٢٠١٠) و کۆمیتەی مافی منداڵان (CRC) (ژانویەی ٢٠١٦) بە پێشکەشکردنی تێبینی و پێشنیارەکان داوایان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە کە خاکی ئەم وڵاتە لە مینە چێندراوەکان و هەموو پاشماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق (1988-1980) پاک بکاتەوە.
بەڵام سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان، کۆماری ئیسلامی لە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و پەسەندکردنی پەیمانی ئۆتاوا بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مینی چێندراو خۆدەبوێرێ. بەپێی ئەو داتایانەی کە لەلایەن KMMK-G کۆکراونەتەوە، ئەمساڵ (١ی ژانویە تا ٣١ی دێسامبری ٢٠٢٣)، بەگشتی بیست و حەوت (٢٧) هاووڵاتی لە کوردستانی ئێران بوونەتە قوربانی تەقینەوەی مین. بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەکانی شەر هەشت (٨) هاوڵاتی مەدەنی کورد گیانیان لەدەستدا و (١٨) کەسی دیکەش بریندار بوون. شەش (٦) قوربانی خەڵکی ورمێ، یازدە (١١) کەس خەڵکی سنە، پێنج (٥) کەس لە کرماشان و چوار (٤) کەسی دیکەش خەڵکی ئیلام بوون.
هەروەها گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨) زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مینی چێندراو لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران و خوزستان چێندراون، کە کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی سڤیل هەبووە، بە تایبەتی جووتیاران و کۆچەران و شوانکار و کاسبکاران.
لە بنەڕەتدا لەم ناوچەیە ڕووبەری نزیکەی ٤ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار بە مین و تەقەمەنی ئالودەیە.
کوردستانی ئێران زۆرترین زیانی بەهۆی مین و پاشماوەی تەقەمەنی و شەڕ بەر کەوتووە. هۆکاری ئەمەش ململانێی چەکداری نێوان هێزەکانی حکومەت و هێزە کوردیەکان لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٣ یە. بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران ژمارەیەکی نادیار مینیان لە دەوروبەری بنکە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان لە زۆرێک لە گوند و شارەکانی کوردستان چاندووە. هەروەها ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی ئێران لە خاکی کوردستان بەردەوامە لە چاندنی مین.
ژینگە
کوردستانی ئێران لەژێر سیاسەتێکی وێرانکەردایە لەوانە گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەکان، پشتگوێخستنی ژینگە و لەناوبردنی دارستانەکان لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە، کە زۆرجار بەهۆی تەقەی تۆپخانە و سووتاندنی بە ئەنقەست لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕوودەدات.
ساڵی 2023 تەنیا لە شاری مەریوان سەر بە پارێزگای سنە، بە وتەی بەرپرسێکی خۆجێی، زیاتر لە 2000 هێکتار لە دارستانەکان بەهۆی ئاگرەوە سووتاون. بەڵام نوێنەری کۆمەڵەی ژینگە پپارێزی «سەوزی چیا» و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیەندرا کە نزیکەی ٥٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان سووتاون.
دەسەڵاتدارانی ئێران بودجەی پێویست بۆ ئاگرکوژێنەوە تەرخان ناکەن. زۆربەی خۆبەخشە کوردەکان لە شارە جیاجیاکانی کوردستانی ئێرانەوە دێن بۆ یارمەتیدانی کوژاندنەوەی ئاگر و چەندین کەسی دیکەش هاوکاری ماددی کۆدەکەنەوە بۆ بەردەوام بوونی ئەم پرۆسەیە. لەم هەڵمەتانەدا چەند خۆبەخش و ژینگەپارێز گیانیان لەدەستداوە. خەڵکی ناوچەکە و خۆبەخشەکان هێزە نیزامییەکانی ئێران بە هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوانە دەزانن و پێیان وایە لە دەرەوەی شارەکان بە بیانووی نیگەرانی ئەمنی و بۆ دامەزراندنی بنکە و بارەگا دارستانەکانی دەوروبەریان دەسوتێنن، لە بەرامبەردا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکان، هیچ هەنگاوێک نانێن و لە کۆتاییدا ڕووبەرێکی گەورەی دارستانەکان دەسوتێن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق (1980-1988) زیاتر لە 20 ملیۆن مینی چێندراو لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران و پارێزگای خوزستان چێندراون، ئەمەش ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی سڤیل بەتایبەتی جووتیاران، کۆچەران، شوانکاران و بازرگانانی پەکخستووە و ڕووبەڕووی کێشەیەکی جددی بووەوە.
لە بنەڕەتدا ڕووبەری نزیکەی ٤.٢ ملیۆن هێکتار بە مین و تەقەمەنی ئالودە بووە.
کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئەم پرسە، سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان، هاوکاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و پەسەندکردنی پەیماننامەی قەدەغەکردنی مینەکانی ئۆتاوا ڕەتدەکاتەوە.
ژنان
لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٥٥ ژنی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
دوای کوشتنی ژینا مەهسا ئەمینی کچێکی گەنجی کورد لە ١٦ ی سێپتامبری ٢٠٢٢ لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە، شاهیدی ساتێکی مێژوویی و هەستیارین لە ئێراندا.
ژنانی کورد لە کۆکردنەوەی ژنان و پیاوان و گەنجانی ئێرانی، لە هەموو نەتەوە و ئایینێکەوە لە ژێر ئاڵا و مانیفێستی ژن، ژیان، ئازادی و بانگەوازی گۆڕینی ڕژێم رۆڵێکی بەرچاویان گێڕا.
کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ەوە پێشەنگ بووە لە خەبات و سەرپێچی لە یاساکانی ئایەتوڵڵا و پێشخستنی بەهاکانی ئێرانێکی سێکولار، دێموکراتیک و فیدراڵی کە بە تەواوی ڕێز لە مافی ژنان و کەمینەکان بگرێت.
ژنانی کورد نەک تەنیا لە ئێران بەڵکو لە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشەنگی خەباتی ڕزگاریخوازی ژنان بوون. ئەوان لە بنەچەی مانیفێستی ژن، ژیان، ئازادی، بوون کە ئێستا بۆتە دروشمی خۆپیشاندەران لە سەرانسەری ئێران. هەروەها ژنانی کورد ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە لە تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) لە عێراق و سوریا و نەک تەنها لە ئێران، بەڵکو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنراو بە تائیفەگەری و ڕادیکالیزمەوە ژنانی کورد باجێکی قورسیان داوە بۆ پەرەپێدانی چەمکی فرەیی و لێبوردەیی و یەکسانیخوازی. لە سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لانیکەم ٣٣٥ ژنی کورد دەستبەسەر کراون.
لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٥٥ ژنی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ژنانی کورد بەدەست یاسای شەریعەتی دڕندە و دژە فێمینیستی ئێرانەوە دەناڵێنن و لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندا لە ژێر چەوساندنەوەی سیاسی، نەتەوەیی، جێندەری و ئابووریدا دەژین. بەداخەوە خۆکوشتن بەتایبەت بە شێوەی خۆسووتاندن بووەتە شێوازێکی باوی دەربڕینی ناڕەزایەتی و وەک تاکە چارەسەر بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانێکی بێبەها سەیر دەکرێت. خۆکوشتن لەرێگەی سووتاندن کەمتر لە سەدا یەکی هەموو خۆکوشتنەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو پێکدەهێنێت. بەڵام لە ئێران زیاتر لە 71%ی خۆکوشتنەکان بە خۆسووتاندنە، کە زۆربەیان ژنانی تەمەن 17 بۆ 28 ساڵی رۆژهەڵاتی کوردستانن. زۆربەی ئەم قوربانییانە، خوێندەواریان کەم (نەخوێندەوار یان خوێندەوار تا ئاستی سەرەتایی) و خێزاندارن.
لە ئێستادا پارێزگای کرماشان، بەرزترین ڕێژەی خۆسووتاندنی ژنانی هەیە.
کێشەیەکی دیکەی زۆربەی قوربانیانی خۆسووتاندن هەژارییە. لە کوردستانی ئێراندا بێکاری و دانەمەزراندن هەستی لاوازی لە نێو مرۆڤەکاندا دروست دەکات و خەڵکی لە داهاتووی خۆیان نیگەران کردووە. هەروەها هەستی لەدەستدان و تەنیایی بۆ مرۆڤەکان و کەمبوونەوەی پشتیوانی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.
نەبوونی بیمەی تەندروستی هاوکات لەگەڵ تێکچوونی دۆخی ژیان و خراپتربوونی دەرئەنجامەکانی ڕووداوە پڕ سترێسەکان لە ژیاندا کێشەیەکی دیکەیە. بۆ نموونە، کاردانەوەی یەک لەدوای یەکەکان دەتوانێت ببێتە هۆی خراپی توانای چارەسەرکردنی کێشەکان و بێتوانایی لە بیرکردنەوە لە دەرئەنجامەکانی خۆسوتاندن، لەوانە شێواندنی شێوە، شەرمەزاربوون و کەمئەندام بوون.
لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، لانیکەم چوار سەد و نەوەد و حەوت (٤٩٧) خۆپیشاندەر کوژراون. چوار سەد و چل و حەوت (447) یان پیاو و چل و پێنج (45) کەسیان ژن بوون. لەو ژمارەیەش سەد و چل و هەشت (١٤٨) کەس کورد و سەد و سی و پێنج (١٣٥) کەسیان بەلوچ بوون.
بەپێی زانیارییەکان، لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران، 80 خۆپیشاندەر لە مەودای نزیکەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا برینداربوون یان نابینابوون. بەبەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی وڵات، کوردستانی ئێران جۆرێک لە توندوتیژترین سەرکوتەکانی بەخۆیەوە بینیوە و بە شێوەیەکی ناڕێژەیی زۆرترین ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانە کە بینایی خۆیان لەدەستداوە و کراونەتە ئامانجی فیشەک و تەقەی ڕاستەوخۆ لەم ناوچەیە بوون. بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 80 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوێر کراون، بەڵام لەم قۆناغەدا KMMK-G توانیویەتی تەنها سی و حەوت (37) خۆپیشاندەر دەستنیشان بکات کە دوو لەوان ژنن و لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران کوێر کراون.
لە کوردستانی ئێران مەهاباد زۆرترین ژمارەی بریندار بوون و نابینابوونی بە فیشەکی جەنگی و ساچمە تۆمار کرد.
یازدە (١١) خۆپیشاندەر لە مەهاباد، پێنج (٥) خۆپیشاندەر لە سەقز، سێ (٣) لە بوکان، سێ (٣) لە سنە، چوار (٤) لە پیرانشار، سێ (٣) لە کرماشان، پێنج (5) کەس لە ئابادانان و یەک (1) لە پاوە کوێر بوون.
خاتوو کەوسەر (مەهبانوو) خۆشنوودی کیا خەڵکی کرماشان لە کاتی خۆپیشاندانی شاری کرماشان بە گوللەیەک لە چاویدا بریندار بوو و لە ٩ی دێسامبر ٢٠٢٢ چاوی چەپی لە دەست دا.
خاتوو کەوسەر پاڵەوانی تیر و کەوان و خاوەنی میدالیای زیو بوو لە یارییەکانی تیر و کەوان لە ساڵی ٢٠٢١ و پاڵەوانی ئاسیا بوو، کە سەرەڕای نەشتەرگەری بینایی چاوی چەپی لەدەستدا.
خاتوو مەستانە نازی خەڵکی پیرانشار لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شەقامی سەرەکی پیرانشار (٢٤ مەتری) تەقە لە چاوەکانی کرا. ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی خومەینی پیرانشار گوازرایەوە و سێ نەشتەرگەری چاوی بۆ کراوە، بەڵام چاوی چەپی لەدەستداوە. ئەو لەدایکبووی ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩٩یە و دایک و باوکی ناویان عەبدوڵڵا و عائیشەیە.
خاتوو گەشین محەممەدی، فۆتۆگرافەر و هونەرمەند کە ساڵانێکی زۆرە لە بواری پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکە، لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ لەگەڵ دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادوەری بە کەفالەت ئازاد کراوە. لە ئێستادا دانیشتووی شاری سنەیە و سەرجەم پڕۆژە هونەریەکانی ڕاگیراون
ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتی خۆیدا هەنگاو نەنێن و رێگری لە تەشەنەی نائومێدی لە نێو ژنانی پەراوێزخراودا نەکەن، خۆسووتاندن زیاتر باو دەبێت و بازنەی خراپی خۆی فراوانتر دەکات و دەبێتە پەتایەک و منداڵەکانی بێ دایک و کۆمەڵگایەکی بریندار دروست دەبێ. هەربۆیە لەپاڵ ئەو یاسایانەی کە ژن بە سەروو مرۆیی دەزانن، دەستوەردان و ڕاگرتنی ستەمی نەتەوەیی لە ئێراندا، ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. نەتەوەییەکانی ئێران بە تایبەت کورد بەردەوام لە هەڵاواردن و گۆشەگیری دەوڵەتیدا دەژین.
ئێڵ جی بی تی کیو
لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستانی ئێران، ئێڵ جی بی تی کیو (هاورەگەزخواز، دووڕەگەزخواز و سەروو رەگەزخواز) ڕووبەڕووی تەحەدای هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵات دەبنەوە. هاوڕەگەزخوازی لە ئێران و لە کوردستانی ئێرانیش نایاساییە و ئەو کەسانەی خۆیان بە ئێڵ جی بی تی دەناسێنن، لەوانەیە ڕووبەڕووی هەڵاواردن و هەراسان کردن ببنەوە.
ناوچە کوردستانییەکانی ئێران بە ناسنامەی بەهێزی کولتووری و نەریتە ناوازەکانیان ناسراون، بەڵام هەڵوێستیان بەرامبەر بە کەسانی ئێڵ جی بی تی زۆرجار لە ژێر کاریگەری یاسا و نۆرمە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکانی ئێراندایە. ڕەنگە مرۆڤی ئێڵ جی بی تی لە کوردستان وەک شوێنەکانی دیکەی ئێران بە هۆی یاسا ستەمکارەکان و هەڵاواردن و جیاوازی کۆمەڵایەتی لە ترس و نهێنیدا بژین.
هەرچەند خەبات بۆ مافەکانی ئێڵ جی بی تی لە کوردستان هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی ئێران هێشتا خەباتێکی سەخت و مەترسیدارە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو تەحەددایانە، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کوردستانی ئێران کار بۆ داکۆکیکردن لە مافی کەسانی ئێڵ جی بی تی و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە بارەی ئەو پرسە دەکەن.